Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان بەڕێوەچوو بە نایاسایی ناو دەبات و ڕایگەیاند، ئەو شێوازە ھەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و عێراق...

ئەمڕۆ، ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو کە لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بەرنامەی کۆبوونەوەی دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسایە، ھەروەھا ئەو کاندیدەی کە دیاریکرابوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی ئالیەتی کوردستانی بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی کوردستانە نەک حزبێک بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکی پێکھاتەکانی دیکەی عێراق پەسەندیان کردووە!

بۆیە ئەو شێوازە ھەڵبژاردنە ڕەتدەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین و ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین. ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانەش فراکسیۆنی پارتیمان بایکۆتی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد کە دەبوایە دوای بایکۆت کردنەکە ناوی کاندیدی پارتیمان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە لادرابایە. لە ئێستاشدا بۆ ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، ھەردوو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١١ی ٤ی ٢٠٢٦