Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەکبەر حەیدەر بۆ KDP: ئەم هەنگاوەی بەغدا نادەستوورییە و بە هیچ شێوەیەک دانی پێدا نانێین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانی بەغدا بۆ گۆڕینی ناحیەکانی جەلەولا و قەرەتەپە بۆ قەزا، نادەستووری و نایاسایین و ئامانجیان بچووککردنەوەی پێگەی خانەقین و تێپەڕاندنی ماددەی 140ـە.

ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە بڕیارە نادەستوورییەکانی بۆ بەقەزاکردنی هەردوو ناحیەی قەرەتەپە و جەلەولا. بەڵام ئێمە وەکو لایەنە کوردییەکان ئەم هەنگاوانە بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە، چونکە بەپێی ماددەی 140 نابێت هیچ گۆڕانکارییەکی کارگێڕی لەم ناوچانەدا بکرێت تا چارەنووسیان یەکلا دەکرێتەوە.

بەرپرسی لقی 15 ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا بەڕێوەبەری ئەو ناحیانە بە وەکالەت کراون بە قایمقام، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە. گوتیشی، ''عێراق گوێ بە دەستوور نادات و بەردەوامە لەم جۆرە کارانە، بەڵام ئێمە وەک کورد بە هیچ شێوەیەک دانی پێدا نانێین و قبووڵی ناکەین، چونکە ئەم ناوچانە کوردستانیین و دەبێت بەپێی دەستوور مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

ئەکبەر حەیدەر جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوانەی بەغدا بە مەبەستی پشتگوێخستنی خانەقین و نادیدەگرتنی مافەکانی کوردە لەو ناوچانە. ڕاشیگەیاند، ''ئەگەر بەهۆی دۆخی ئێستاوە نەبووایە، دەمێک بوو سەردانی بەغدامان دەکرد بۆ ڕێگریکردن لەم بڕیارانە. داوا دەکەین چارەنووسی ئەم ناوچانە تەنیا لە چوارچێوەی ماددەی 140 و بەرژەوەندیی خەڵکەکەیدا یەکلا بکرێتەوە، نەک بە بڕیاری تاکلایەنە و سەپێندراو.

بڵند ئیبراهیم