Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامەی كۆریێرێ دێلا سیراى ئیتاڵى: ئەمە شەڕی ئێمە نییە

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق (کە بڕیارە لە مانگی ئایاردا لە ڤاتیکان پێشوازی لێ بکرێت) ڕایگەیاند: «سیستەمی ئێرانی ئاوێتەیەکی ناوازەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم؛ شەڕەکە یەکی خستوون و ڕژێمەکەش توانیویەتی ڕزگاری بێت و بمێنێتەوە».


ده‌قى دیدارى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ى (كۆریێرێ دێلا سیرا)ى ئیتاڵى

10ى نیسانى 2026

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، پێی وایە: «هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ قەیرانی ئێران نییە. دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ چەسپاندنی ئاگربەست».

بەڵام ئاگربەستەکە زۆر له‌رزۆك دەردەکەوێت؛ چۆن ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکرێت؟

«من ململانێیەک لە جۆرى بیركردنه‌وه‌دا دەبینم. ئێرانییەکان لەسەرخۆن و بایەخ بە وردەکارییەکان دەدەن، بەڵام ئەمه‌ریکییەکان دەیانەوێت چارەسەری خێرا بدۆزنەوە. لێرەدا پێویستمان بە ئارامی هەیە».

ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی لوبنان.

«ئەوە هەڵەیە. دەبێت دەستبەجێ ڕایبگرن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لە جێگیربوونی ئاگربەست؛ هەروەها چونکە ئیسرائیلییەکان تەنها هێرش ناکەنە سەر حیزبوڵڵا، بەڵکوو زیان بە ژێرخانی ئەو وڵاتەش دەگەیەنن».

پرسیار: لە سەرەتای شەڕەکەدا، ئایا ئەمریکییەکان داوایان لێ کردن دەستوەردان بکەن بۆ ئاسانکاریی ڕاپەڕینەکان لە ئێران؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: ئەمه‌ریکییەکان لەگەڵ ئێمەدا هەرگیز باسی گۆڕینی ڕژێمیان لە تاران نەکردووە، بەڵکو جەختیان لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی پڕۆژەی ئەتۆمی و بەرنامە موشەکییەکانی ئێران کردووەتەوە. کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، بە هەر حاڵ ئێمە دژی ئەوەین خاکی خۆمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت، نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە.

پرسیار: تۆ لە ئێران خوێندنت تەواو کردووە، بە فارسی قسە دەکەیت و ئەو وڵاتە دەناسیت؛ خۆڕاگریی ڕژێمەکە چۆن هەڵسەنگێنیت؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: له‌مێژه‌ ده‌ڵێم کە ناتوانرێت ڕژێم تەنها بە بۆردومانی ئاسمانی بگۆڕدرێت. سیستەمی ئێرانی ئاوێتەیەکی ناوازەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم؛ شەڕەکە یەکی خستوون. ئەمڕۆ ڕژێمەکە توانیویەتی ڕزگاری بێت. تەنانەت کوشتنی سەرکردەکانیش سوودی کەمە، چونکە دەستبەجێ جێگرەوەکانیان دەدۆزرێنەوە. ئێرانییەکان پێشتر وانەیان لە شەڕی حوزەیرانی ڕابردوو وەرگرتبوو و خۆیان باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە نوێیە ئامادە کردبوو، ئەوان دەزانن چۆن بمێننەوە. ئێستا تاكه‌ ڕێگە تەنها دیپلۆماسییە.

پرسیار: ئێستا هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: لانی کەم ٢٥-٣٠٪ی دانیشتووان بە تەواوی پاڵپشتی لە ڕژێم دەکەن، کە هێشتا خاوەنی دامەزراوەی زۆر بەهێزە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکنەخراون و سەرکردەی ناوخۆییان نییە. با ئەوەشمان بیر نەچێت کە ناڕەزایەتییەکان لەسەر بنەمای خراپیی دۆخی ئابوورییە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەرەی بەنزینخانەکان نییە، دوکانەکان بە ئاسایی کراوەن و ڕژێمەکە هێشتا کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی لەدەستدایە.

پرسیار: تەنگەی هورمز بە داخراوی ماوەتەوە؛ هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت هاوکار بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی هەناردەی وزەی عێراقدا؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: ئێمە ئامادەین بۆ بەزركردنه‌وه‌ى تواناى بۆرییە نەوتەکانمان کە بەرەو تورکیا دەچن. ئێستا عێراق ڕۆژانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل لێرەوە هەناردە دەکات و دەتوانین ئەو بڕەیە بگەیەنینە ٧٠٠ هەزار بەرمیل.

پرسیار: پێتان وایە حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە تاران بۆ سەر ئێوە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: ئێمه‌ ڕازی نین، حكوومه‌تى عێراق کاری پێویست ناكات. لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە ٦٠٠ جار هێرشمان کراوەتە سەر؛ ئەمە قبووڵکراو نییە. عێراق ناتوانێت سەقامگیر بێت ئەگەر کۆنترۆڵی میلیشیاکان نەکات.

پرسیار: کشانەوەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئیتاڵیا تەنانەت لە هەولێریش چۆن دەبینن؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: دەمەوێت سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا بکەم. لە ساڵی ٢٠٠٣وە بەشدارییان لە سەقامگیرکردنی ناوچەکەماندا کردووە، دواتر پاراستنی بەنداوی مووسڵیشیان لە هێرشەکانی داعش لەئەستۆ گرت. پێم وایە ئەمڕۆ ئەرکەکەیان کۆتایی نەهاتووە. لە هۆکاری کشانەوەیان تێدەگەم، بەڵام هیوادارم بەم زووانە بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی پێشمه‌رگه‌.

پرسیار: لە ١٨ تا ٢٠ی ئایار لە لایەن پاپاوە لە ڤاتیکان پێشوازیت لێ دەکرێت؛ ئایا بەرپرسانی ئیتاڵیاش دەبینیت؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠٣وە کاتێک ناوچە کوردییەکان بوونە پەناگەیەکی گرنگ بۆ هەموو مەسیحییەکانی عێراق.