Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی فراکسیۆنی پارتی بەبۆنەی ساڵیادی ڕزگاربوونی عێراق

بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەبۆنەی ساڵیادی ڕزگاربوونی عێراق لە چنگی دیکتاتۆرییەت، جەخت لە پاراستنی بنەماکانی "ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان" دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە تەنیا پابەندبوون بە دەستوور و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، سەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ وڵات دەستەبەر دەکات.

دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەبۆنەی ٩ـی نیسان، ڕۆژی ڕزگاربوونی عێراق لە چنگی ڕژێمی دیکتاتۆر، پیرۆزبایی ئاراستەی گەلانی عێراق دەکەین، کە دەستپێکی قۆناغێکی نوێبو بەرەو گەڕاندنەوەی ھیوا و بنیاتنانی ئایندەیەک لەسەر بنەمای ئازادی و کەرامەت.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سیستمی سیاسی عێراق لەسەر بنەماکانی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان دامەزرا بۆ دەستەبەرکردنی بەشداریی ھەموو پێکھاتەکان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ھاوکات ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی کە دادپەروەری و یەکسانی فەراھەمبکات و پرەنسیپی ھاوڵاتیبوون وەک پایەیەکی بنەڕەتی یەکگرتوویی و سەقامگیری وڵات بەھێز بکات.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو قۆناغە سەختەی کە ناوچەکە و عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوون بەو بنەما و پرەنسیپانە دەکەینەوە کە عێراقی نوێی لەسەری دامەزراوە. زۆر گرنگە عێراق خۆی لە ململانێکان دوور بخاتەوە و بە پێی دەستوور چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی لە پێشینەی کارەکانی خۆیدا دابنێت، بەمەش سەقامگیری و پاراستنی سەروەری وڵات و بەھێزکردنی ڕێگای بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٩ـی نیسانی ٢٠٢٦