Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر بۆ KDP: دابینکردنی غازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی ھەولێر دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتییان کە کێشەی کەمیی غازی ماڵان بەرەو چارەسەری یەکجاری دەچێت و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، بڕی پێویست دەگاتە بازاڕەکان و کۆتایی بەو دڵەراوکێیە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دروست ببوو.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، کە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا گرفتی کەمیی غاز دروست ببوو، بەڵام لە ئێستاوە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە چووە و بڕیارە ھەر ئەمڕۆ یەکەم کاروانی غاز لە کۆرمۆرەوە بگاتە ھەولێر. ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی زیادکردنی بەرھەم بە چەند قۆناغێک دەبێت و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ھەفتەی داھاتوو، دابەشکردنی غاز بە تەواوی جێگیر بێت و بگاتەوە ئاستی پێشوو.

بەڕێوەبەری سووتەمەنی ئەوەشی ڕوونکردەوە کە لە ھەنگاوی یەکەمدا %٢٥ـی پێویستیی بازاڕ دابین دەکرێت و دواتر بە شێوەیەکی خێرا بڕەکە زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی وەڵامی خواستی زۆری ھاووڵاتییان بدرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم چاکسازییە تەنھا غاز ناگرێتەوە، بەڵکو کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا نرخی بەنزین و دۆخی دابینکردنی سووتەمەنی بە گشتی بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی.

 

بڵند ئیبراهیم