Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی بۆ KDP: جووڵەی بازاڕ ئاساییە و ڕێگری لە قۆرخکاری دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتییان کە سەرباری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی ھاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییەکان بەردەوامە و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو بازرگانانە دەگیرێتەبەر کە نرخی کەلوپەل بەبێ پاساو بەرز دەکەنەوە.

سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، کە جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانەوە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و ھەموو جۆرە کاڵایەک لە بازاڕەکاندا بەردەستە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەکانی چاودێری بەردەوام لە بەدواداچووندان بۆ ڕێگریگرتن لە ھەر ھەوڵێکی قۆرخکاری، و جەختی کردەوە کە چەندین شوێن بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزای یاسایی دراون.

سەبارەت بە گرانبوونی بەشێک لە کەلوپەلەکان، بریکاری وەزارەت ڕوونی کردەوە کە ئەو گۆڕانکارییە زیاتر پەیوەندی بە ناجێگیریی نرخی دۆلار و کێشەی وەرگرتنی دراوی بیانی بە نرخی فەرمی لەلایەن بازرگانانەوە ھەیە، نەک کەمیی کاڵا. ھەر بۆیە، لیژنەکان وردبینی لە مانیفێستی کاڵاکاندا دەکەن تا دڵنیابنەوە کە بەرزکردنەوەی نرخەکان بەبێ ھۆکار و بۆ مەبەستی قۆرخکاری بەکارنەھێنراوە.

 

قائید میرۆ