Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان: پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانییە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی، بە ئامادەبوونی عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، پێشوازییان لە شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان کرد. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی دلێر عەبدولخالق، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و شاخەوان ڕەئوف بەگ، چۆمان محەمەد و ڕۆڤان، ئەندامانی سەرکردایەتیی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی لەخۆگرتبوو.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، دکتۆر کەمال کەرکووکی بە گەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد. پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی ناوچەکە و دەرھاوێشتەکانی شەڕ و ئەو ستەمانە کرا کە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەکرێن. لەو چوارچێوەیەدا، بە توندی ئیدانەی ھێرش و تاوانەکانی ئێران کرا، بەتایبەت دوایین تاوان کە تێیدا پێشمەرگەیەک و ھاوژینەکەی بوونە قوربانی. جەخت کرایەوە کە ئەم ھێرشانە لە کاتێکدان ھەرێمی کوردستان بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندووە و ھەمیشە خوازیاری چارەسەری ئاشتییانە و دادپەروەرانەی کێشەکان بووە، بەڵام بێ ھیچ پاساوێک دەکرێتە ئامانج.

لەلایەن خۆیانەوە، شاندی میوان پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی شەھیدان کرد. پاشان دلێر عەبدولخالق تیشکی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەنجامەکانی کۆنفڕانسەکەیان کە تێیدا سەرکردایەتیی نوێ ھەڵبژێردرا. ھەروەھا سڵاو و ڕێزی دانا ئەحمەد مەجید، سکرتێری بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەی بەڕێگای بەرپرس بەشی پەیوەندی گشتی ئاراستەی ڕێزداران سەرۆک مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی، و ڕۆڵی گرینگی سەرۆکایەتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانییان لەم قۆناغەدا بەرز نرخاند و دووبارە ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستانیان شەرمەزار کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیی عێراق، ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە کورد ھاوشێوەی پێکھاتەکانی شیعە و سوننە، خاوەنی میکانیزمی تایبەت بە خۆی بێت بۆ دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆمار.

لەم بارەیەوە، دکتۆر کەمال کەرکووکی باسێکی تێروتەسەلی دەربارەی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان و ئەو ھێرشە ناڕەوایانە پێشکەش کرد کە دەکرێنە سەر ھاووڵاتییانی مەدەنی و ئاماژەی بەوە کرد کە نەیاران چاویان بە ئارامی و تەبایی و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵنایەت. سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵیش، بەڕێزیان جەختی کردەوە کە پێویستە ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی دیموکراتییانە بێت، بە جۆرێک کە سەرۆککۆمار نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بێت نەک تەنیا لایەنێک. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری گەڕانەوە بۆ ناو پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان یان ڕێککەوتنی فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر کاندیدێک کرا، تا وەک نوێنەری شایستەی کوردستان بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بناسێنرێت بۆ ئەوەی وەک سەرۆککۆمار پەسەند بکرێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، ھەردوولا جەختیان لە گرینگیی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییە دڵسۆزەکانی کوردستان کردەوە، بۆ ئەوەی بە یەک ھەڵوێست و یەک گوتار، داکۆکی لە داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بکەن.