Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تا دوو مانگی دیكه‌ کارەبای ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان دەبێتە 24 كاتژمێری

هه‌ولێر -KDP. info- به‌ڕێوەبه‌ری گشتی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی "ئێستا هیچ گرفتێك له‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با نه‌ماوه‌ و 85%ی هه‌رێمی كوردستان كاره‌بای 24 كاتژمێرییان هه‌یه‌ و تا دوو مانگی دیكه‌ له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان كاره‌با ده‌بیته‌ 24 كاتژمێری."

به‌ڕێوەبه‌ری گشتی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌رده‌لان دۆسكی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "دوێنێ كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی له‌ سلێمانی دروست بوو، وه‌زیری كاره‌با و خۆشم سه‌ردانی كۆنتڕۆڵمان كرد، ڕاسته‌وخۆ به‌دواداچوون كرا و تیمه‌كانی ته‌كنیكی كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر كرد، هاوکات غازی كۆرمۆریش كه‌میكرد، ئه‌ویش چاره‌سه‌ر بوو، بۆیه‌ ئێستا هیچ گرفتێك نه‌ماوه‌ و دۆخی كاره‌با ئاسایی بووەته‌وه."

ئه‌رده‌لان دۆسكی گوتیشی "ئێستا له‌ 85%ی هەرێمی کوردستان پڕۆژه‌ی ڕووناكی جێبه‌جێ کراوه‌، كاره‌بای 24 كاتژمێرییان هه‌یه‌، 15%ی ماوه‌، بڕیاره‌ تا دوو مانگی دیكه‌ لە تەواوی هه‌رێمی كوردستان كاره‌با ببێته‌ 24 كاتژمێری و پێش کاتی دیاریكراو كاره‌كان ته‌واو ده‌بن، چونكه‌ بڕیاربوو پێش كۆتایی ئه‌مساڵ ته‌واوبێت، به‌ڵام كاره‌كان خێراتر به‌ڕێوه‌چوون و پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ كراوه‌، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌م ماوه‌ ئه‌ویش له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌ ته‌واو ده‌بێت و کارەبای ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بیته‌ 24كاتژمێری."

 

بڵند ئیبراهیم