Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەیلانی بۆ KDP: حکوومەت پلانی نوێی بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی سنووری لقی ٢٤هەیە

شەقڵاوە-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتدا، بەرنامەیەکی فراوان بۆ خزمەتکردنی زیاتری سنووری هەر سێ قەزای شەقڵاوە، پیرمام و هەریر لە بوارەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵی و ڕێگەوبان هەیە.

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لای ئێمە پارتایەتی ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک. سەرۆک بارزانی هەمیشە ئامۆژگاریمان دەکات لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ گەلەکەمان بین و داواکارییەکانیان بگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی هەر گرفتێک هەبێت چارەسەر بکرێت.

بەرپرسی لقی ٢٤ ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و وەزیری شارەوانی هەیە و گوتی، ''شەقڵاوە وەک ناوچەیەکی گەشتیاری و هەریریش وەک ناوچەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، پلانی تایبەتیان بۆ دانراوە تاوەکو ئاستی خزمەتگوزاری و ڕێگەوبانیان تێدا بەرز بکرێتەوە.

جەختیشی کردەوە، کە خەڵکی ئەو سنوورە قوربانیی زۆریان داوە و ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە باشترین شێوە خزمەتیان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێم بەرنامەیەکی باشی بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچەکە ئامادە کردووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢/٤/٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی لقی ٢٤ی سەفینی کرد و لەگەڵ هیوا گەیلانی، بەرپرسی لق کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاستی خزمەتگوزارییەکان کرا و تیشک خرایە سەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان دامودەزگا حزبی و حکوومییەکان بۆ گەیاندنی پڕۆژەی زیاتر بە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای هەولێر.

 

بڵند ئیبراهیم