Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. ئاگرین بۆ KDP: بەهۆی خێرایی لە کارەکاندا ٧٥٪ـی ڕێگەی باعەدرێ بۆ ئیتیت تەواو بووە

هەولێر-KDP.info- د. ئاگرین عەبدوڵڵا ڕایدەگەیەنێت، کارکردن لە ڕێگەی ستراتیژیی نێوان هەولێر و دهۆک (باعەدرێ بۆ ئیتیت) زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و لە ٧٥٪ی کارەکانی تەواو بووە، کە بڕیارە زووتر لە کاتی دیاریکراوی خۆی بکەوێتە خزمەت هاووڵاتیان.

د. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''کارکردن لە ڕێگەی باعەدرێ بۆ ئیتیت کە بەرەو دهۆک دەچێت، زۆر لەو بەرنامەیەی بۆی دانرابوو پێشتر کەوتووە، پێویست بوو تا ئێستا ٥٦٪ی تەواو بێت، بەڵام بەهۆی خێرایی لە کارەکاندا گەیشتووەتە ٧٥٪ و بە کوالێتییەکی زۆر بەرز جێبەجێ دەکرێت.

بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە بودجەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە نزیکەی ١٣٥ ملیار دینارە و درێژییەکەی ٢٦ کیلۆمەترە. گوتیشی، ''ئەم ڕێگەیە زۆر گرنگە و مەودای نێوان هەولێر و دهۆک کورت دەکاتەوە. هەرچەندە بڕیار بوو لە مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو تەواو بێت، بەڵام ئەگەر بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بێت، زۆر زووتر کارەکانی کۆتایی دێت.

د. ئاگرین ڕوونیشی کردەوە، کە لە ئێستادا کارەکانی بڕین، پرد و پڕکردنەوە بە باشی بەڕێوە دەچن و تەنیا بارانبارینی زۆر کەمێک کارەکانی خاو کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ باشبوونی کەشوهەوا، کارەکان خێراتر دەکرێن.

 

بڵند ئیبراهیم