هه‌ولێر -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ژێرزه‌وی له هه‌ولێر ده‌ڵێ "ئه‌مساڵ چوار هێندەی ساڵی ڕابردوو باران باریوه، ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی ئه‌وه‌نده به‌رز بووه‌ته‌وه ماسی كۆره ده‌ركه‌وتووە."
نه‌زیر ئه‌سعه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ژێرزه‌وی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "به‌پێی داتاكانی به‌رده‌ست، ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵی رابردوو چوار هێنده باران باریوه و كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی كردووەته سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی، ئێمه چه‌ند حه‌وزێكمان هه‌یه بۆ دیاریكردنی ئاستی ئاو، له هه‌موو ناوچه‌كان ڕێژه‌ی زیادكردنی ئاوی ژێرزه‌وی به‌رزه، له سێ بیر ئامێری دیاریكردنی ڕێژه‌ی ئاوی ژێر زه‌ویمان جێگیركردووه، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو دیار ده‌كەن."
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ژێرزه‌وی ده‌ڵێت "ئەگەر حه‌وزی هه‌ریر وه‌ك نموونه باس بكه‌ین، بیری سیساوه‌مان هه‌یه، ته‌نیا له یه‌ك مانگدا چوار مه‌تر ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی به‌رز بووه‌ته‌وه، له هه‌موو حه‌وزه‌كانی دیكه‌ش ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی به‌رزه."
نه‌زیر ئه‌سعه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "جگه له‌و پێوه‌رانه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئامێره‌وه ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی دیار ده‌كەن هه‌ندێ پێوه‌ری دیكه‌ش هه‌ن، بۆ نموونه ماسی كۆره هه‌یه 600 مه‌تر له‌ژێر زه‌وی ده‌ژن، له‌و ساڵانه‌ی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی زۆر به‌رزده‌بێته‌وه ئه‌و ماسییانه ده‌ردەكه‌ون، ئه‌مساڵ ماسی كۆره‌ش ده‌ركه‌وتووه، ئه‌وه‌یش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی هێنده به‌رزه كاری كردووەته سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ئه‌و جۆره ماسییه."
قائید میرۆ