هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی دووی پارتی، پێشوازی لە بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی کرد لە میانەی دیدارەکەدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیری هەولێر و پاڵپشتیکردنی حکوومەت کرایەوە، وێڕای لێکتێگەیشتن بۆ کاری هاوبەش هەردوولا هێرشە تیرۆرستیەکانی سەر هەولێریان ئیدانە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ـ٤ـ٢٠٢٦، د.زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ھەڤاڵانی دەستەی کارگێڕی لق، پێشوازیکرد لە ڕێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ھەڤاڵانی مەڵبەند.
بەرپرسی لقی ٢ی پارتی بەگەرمی بەخێرھاتنی کردن و ڕایگەیاند، ئەو سەردانەتان بەرز دەنرخێنین، تەئکیدی کردەوە کە لەو قۆناغە ھەستیارەدا پێویستە بەیەکەوەبین لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە و ئاستەنگەکان و بەیەکەوە پشتگیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعیەکانی و پاراستنی دەستکەوتەکان و سەقامگیری و ئاسایشی کوردستان و ھەولێر و خزمەتکردنی خەڵک کە ڕوئیاو ستراتیژی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە خزمەتی خەڵک لە پێشینەی ھەر کارێکی تر بێت و ھیوامان وایە ئەوە ڕوئیای ھەردوولامان بێت وەک یەک تیمی ھاوبەشی حوکمڕانی.
بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی دووپاتی لە پەیوەندی بەردەوام و بەیەکەوە کارکردن کردەوە لەپێناو پاراستنی سەروەری و ئەمن و ئاسایشی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک، ھەروەھا تەئکیدی کردەوە کە ئەرکی ھەردوولامانە پاڵپشت و ھاوکاری حکوومەت و دامەزراوە فەرمیەکان بین کە بەرھەمی خەباتی ھەموومانە.
لە کۆتاییدا ھەردوولا جەختیان لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندی و کارکردنی بەیەکەوەیی کردەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی.
