Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: پارتی و حزبی شیوعی خاوەنی مێژوویەکی پڕ شانازیی خەباتی هاوبەشن

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی، لە یادی ٩٢ ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعیدا ڕایدەگەیەنێت، کە خوێنی هەردوو حزب بۆ ئازادیی کوردستان تێکەڵی یەک بووە و لە حکوومڕانیشدا پێگەی شیوعییەکان لای پارتی جێی ڕێزە.

ئەمڕۆ، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، بە یاوەریی شاندێکی باڵا، سەردانی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستانی کرد لە شاری سلێمانی و لە لایەن هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

عەلی حوسێن لە وتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی، تیشکی خستە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەن و گوتی، ''پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی خاوەنی مێژوویەکی پڕ شانازیی پێکەوە خەباتکردنن لە شاخ، خوێنمان تێکەڵی یەکدی بووە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان. لە سەردەمی حکوومڕانیشدا، هەمیشە سەنگ و پێگەی حزبی شیوعی لای پارتی بەرز و جێی ڕێز بووە.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی جەختیشی کردەوە، کە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە بن و هاوکاری حکوومەت بن بۆ ئەوەی گەل و خاکی کوردستان بە کەمترین زیان دەرباز بن.

لای خۆیەوە، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، ''مێژووی پەیوەندییەکانی ئێمە و پارتی دوورودرێژە، حزبی شیوعی هەمیشە هەوڵی داوە پشتیوان و هاوکار بێت لە بنیادناندا، تەنانەت ڕەخنە و بۆچوونەکانیشمان لەو چوارچێوەیەدا بوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.