Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای بارزانی و وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتێکی نیشتمانی دژی ماددە هۆشبەرەکان دەستپێدەکەن

هەولێر-KDP.info- شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆبوونەوە، بە مەبەستی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو کۆمەڵگەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٦/٤/٢٠٢٦، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ کە پێکهاتبوون لە (عەقید پێشڕەو عەبدوڵڵا لە دیوانی وەزارەت، عەقید هێرش خالید بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی و عەقید حەکیم عومەر بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی هەولێر)، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد و لە لایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاوە پێشوازییان لێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئامادەی بوون، بە وردی باس لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە و میکانیزمەکانی کاری پێکەوەیی کرا. بڕیاریش درا لە ماوەیەکی نزیکدا چالاکییەکان دەست پێ بکەن، کە لە قۆناغی یەکەمدا خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەک لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێتەوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەژێر دروشمی "پێکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم"، ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە بەڕێوە دەبات و ستافێکی شارەزا و پسپۆڕی بۆ تەرخان کردووە. وەزارەتی ناوخۆش وەک لایەنێکی سەرەکی و گرنگی ئەم هەڵمەتە، ڕۆڵێکی بەرچاو لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا دەگێڕێت.