Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمەڵەی سەرۆک شارەوانییە فەرانکۆفۆنییەکان (AIMF) بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکات

هەولێر-KDP.info- کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی سەرۆک شارەوانییە فەرانکۆفۆنییەکان (AIMF)، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ پارێزگاری هەولێر، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوسۆزی و پشتگیریی خۆی بۆ دانیشتووانی شارەکە دەردەبڕێت.

کۆمەڵەی (AIMF) کە شاری هەولێر وەک دەستەخوشکی پاریس تێیدا ئەندامە، لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکان و تیرۆریستانەوە دەکرێنە سەر هەولێر، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنە ئامانج. کۆمەڵەکە جەختی لە پێویستیی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل کردووەتەوە و داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما مرۆییەکان بگرن.

دەقی بەیاننامەکەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی سەرۆک شارەوانییە فەرانکۆفۆنییەکان (AIMF):

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەرۆک شارەوانییە فەرانکۆفۆنییەکان (AIMF)،  سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست، هاوسۆزی خۆی بۆ دانیشتووانی مەدەنی دەدردەبڕێت.

هێرشە سەربازییەكان ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست بەقورسی كاریگەری كردووەتە سەر  دانیشتوان بە تایبەتی  ژنان و منداڵان، كە باجی گەورەی ئەو ململانێییانە دەدەن كە تاڕادەیەكی زۆر هیچ پەیوەندییەكی بەوانەوە نییە.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەرۆک شارەوانییە فەرانكۆفۆنییەكان (AIMF) هاوسۆزی قووڵی خۆی بۆ دانیشتووانی مەدەنی دەردەبڕێت، بە تایبەتی لەو شارانەی کە ئەندامن لە کۆمەڵەکە لە وڵاتی لوبنان و هەرێمی کوردستانی عێراق و هەولێری پایتەختی.

ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شارەکانی لوبنان و هەولێر و دەوروبەری، بوونەتە هۆی لەدەستدان و برینداربوونی  بەشێكی دانیشتوان و ئاوارەبوونی بەشێكی تریان، کە کاریگەریەكی نەرێنی زۆر دەكاتە سەر سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچانە.

لە ناو ئەم بارودۆخە پڕ لە ئازارەدا، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەرۆک شارەوانییە فەرانكۆفۆنییەكان،  لە پاڵ ئەندامەكانی، لەوانە سەرۆك شارەوانییەكان، نوێنەران و بەرپرسانی ئەوشارانە دەوەستێت و بە توندی هەموو ئەو توندوتیژییانە سەركۆنە دەکات کە هاوڵاتییان دەکەنە ئامانج. كۆمەڵەكە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما مرۆییەکان بگرن و پابەندبن بە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەرۆک شارەوانییە فەرانکۆفۆنییەکان (AIMF)