دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆ، پڕۆژەیەکی گەورەی پیشەسازیی خۆراک لە قەزای سێمێل لە قۆناغی جێبەجێکردندایە کە سەدان کارگە و کۆگای جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.
دکتۆر هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ناوچەیەکی پیشەسازیی خۆراک لەسەر ڕووبەری هەزار و ٤٢٣ دۆنم زەوی لە قەزای سێمێل دروست دەکرێت. لەو ڕووبەرە، ٢٥٣ دۆنم بۆ کارگەکان و ١٢٠ دۆنم بۆ کۆگاکان تەرخان کراوە، هەروەها ٣٨ کیلۆمەتریش بۆ ڕێگەوبان و شوێنی سەوزایی تەرخان کراوە.
دکتۆر هەڤاڵ سدیق ئاماژەی بە وردەکاریی پڕۆژەکە کرد و گوتی، ''ئەم پڕۆژە ستراتیژییە ٢٧٥ کارگە و ٢٢٩ کۆگا بە هەموو جۆرەکانییەوە لەخۆ دەگرێت، جگە لە بنکەی پۆلیس، بەرگریی شارستانی، بنکەی تەندروستی، پەیمانگای پیشەسازی، مزگەوت، ناوەندی وەرزشی و پێشانگای بەرهەمە خۆراکییەکان. لە ئێستاشدا ٢٣٪ی پڕۆژەکە تەواو بووە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک ڕوونیشی کردەوە، کە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی گەورە بە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمی ناوخۆیی. جەختیشی کردەوە کە ئامانجی حکوومەتی هەرێم بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازییە لە هەموو پارێزگاکان.
بڵند ئیبراهیم