Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی سیاسی: ڕۆژنامەی (خەبات) جێدەستی لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا دیار و پێشەنگە

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (67)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)دا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژنامەی (خەبات) هەمیشە مایەی شانازیی ڕۆژنامەگەریی کوردی و بڵندگۆی داکۆکیکردن بووە لە بنەماکانی ئازادی.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:


پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (67)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)هەڤاڵانی بەڕێز/ سەرنووسەر و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەی (خەبات). 

                
ئەمڕۆ ساڵیادی بە ئاشکرا دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (خەبات)ە، ئەو ڕۆژنامەیەی جێدەستی لە کاروانی ڕۆژنامەگەریدا دیارە و یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکان، بۆیە هەمیشە مایەی شانازی ڕۆژنامەگەریی کوردی بووە، هەروەها لە ڕەوتی ڕاگەیاندن و میدیای کوردیدا خزمەتێکی زۆری بواری ڕۆشنبیریی و کولتووری نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشی کردووە.


ئەو ڕۆژنامەیە، وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و زمانحاڵی پارتیمان، بە دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان دادەنرێ، لەو ڕوانگەیەوە لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەکۆیەکی داکۆکیکردن بووە لە بنەماکانی ئازادی ڕادەڕبڕین و بڵندگۆی بێ جیاوازی سەرجەم ڕۆشنبیران و نووسەران و  ڕۆژنامەنووسان بووە.


تایبەتمەندیی ڕۆژنامەی (خەبات)، لەوەدایە کە پیشەوەرانە ئەو گوتار و ناسنامەیەی خۆی پاراستووە بۆ پەیڕەوکردنی بنەما و ئیتیکی ڕۆژنامەگەریی و گرتنەبەری ئاراستەیەکی ڕاست و دروست بۆ ڕەخساندنی زەوینەیەکی ئازاد بۆ  گەیاندنی پەیامەکەی بە خوێنەرانی. 

لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژنامەیە خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ئەرشیفی سەروەرییەکانی نەتەوەکەمان دا و توانیویشیەتی وەک ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە و لە ڕێگەی پێگەی فەرمیی خۆی و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکەیەوە خزمەتێکی زۆری پرسە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکان و نەریتی پێکەوەژیان بکات.


لەو بۆنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی هێژا و نووسەر و خوێنەرانی بەڕێز دەکەین و کار و چالاکی و ڕۆڵی گرنگی ئێوە بەرز دەنرخێنین و پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەکە دووپات دەکەینەوە و هیوادارین بۆ لەمەودواش ڕۆڵی ئێوە بەسەر پانتایی میدیا و رۆژنامەوانیدا بەربڵاوتر و کاریگەرتر بێت.


سڵاو و دروود بۆ  گیانی کەسایەتیی و نووسەر و کادیر و ڕۆژنامەنووسانی پێشەنگ، کە دڵسۆزانە ئەو کاروانە شکۆدارەیان بە ئەمڕۆ گەیاند.

هەردەم بەرز و پیرۆز بێت (67) ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات).

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
4ی نیسانی 2026