Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا ڕایگەیاند، ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ئەنجامدا کە کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕاگواستنی گرتەوە، ئەمەش لە پێناو سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلی و بێبەشکردنیان لە مافە مرۆیی و مێژووییەکانیان.

دەقی پەیامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:

لە ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی

بە شکۆوە لە بەردەم گۆڕی پاکی شەهیداندا دەوەستین و یادی یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە توێژێکی ڕەسەنی گەلی کوردستانی کردە ئامانج. لە چواری نیساندا، ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ئەنجامدا کە کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕاگواستنی گرتەوە، ئەمەش لە پێناو سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلی و بێبەشکردنیان لە مافە مرۆیی و مێژووییەکانیان.

ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی فەیلیدا هات، تەنها ڕێکارێکی کاتی نەبوو، بەڵکو سیاسەتێکی مەبەستدار بوو بۆ لێدانی بوونیان و سڕینەوەی شوێنەواریان، لە ڕێگەی ڕاگواستنی زۆرەملێ، زەوتکردنی موڵک و ماڵ، و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هەزاران کەس. سەرەڕای دڕندەیی ئەو تاوانانە، ئەوان بە خۆڕاگرییەوە بە ناسنامە و ئینتیمای خۆیانەوە مانەوە و سەرەڕای هەموو ئازارەکانیان، پارێزگارییان لە میراتی خۆیان کرد.

لەم یادە خەمناکەدا، دووبارە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەینەوە کە بەرپرسیارێتییە دەستووری و مرۆییەکانی خۆی هەڵبگرێت، لە ڕێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی، گەڕاندنەوەی مافەکانیان، قەرەبووکردنەوەیان، ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو تاوانانە. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە زیندووڕاگرتنی ئەم یادە، جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستیی بەدیهێنانی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان، و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و دانپێدانانی یەکتر.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٤ی نیسانی ٢٠٢٦