Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی ٤٦ ساڵەی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان بکاتەوە و جەختیش لە خەبات و دڵسۆزیی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ یادی بەئازاری (٤٦) ساڵەی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و وڵاتبەدەرکردن و بێسەروشوێنکردنی خوشک و برایانی کوردی فەیلی دەکەینەوە. ئەو ستەملێکراوانەی لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوسای عێراقدا، تەنیا لەبەر کوردبوون و داکۆکیکردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی گه‌لەکەیان، ڕووبەڕووی له‌سێداره‌دان، کوشتن، گرتن، شوێنبزركردن و دەرکردن بوونەوە و ڕەگەزنامە و سامان و ماڵ و موڵكیان لێ سەندرایەوە.

وڵاتبەدەرکردنی سەتان هەزار کوردی فەیلی و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزاری دیکەیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانەی بەعس بوو کە مێژوویەکی ڕەش و ڕابردوویەکی تاڵی پڕ لە هەڵەی بۆ عێراق بەجێهێشت. لەم یادەدا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ده‌بێ ئەرکى خۆى جێبه‌جێ بكات و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ تاوانه‌كه‌ى به‌ جینۆساید ناساندووه‌، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و ڕەگەزنامە و موڵک و ماڵیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

خەبات، دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە. دەبێ ئەو ڕابردووە تاڵە بۆ هەموومان ببێتە پەند و وانە و بۆ داهاتوویەکی باشتر لەسەر بنەمای پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن لە عێراقدا سوودی لێ وەربگرین، بۆ ئەمەیش بەردەوام لە هەوڵ و کۆششدا دەبین و هەرچی پێویست بێت هاوکار دەبین.

سڵاو و دروود بۆ یاد و گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و تەواوی شەهیدانی کوردستان. سڵاو و ڕێز بۆ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكارى سەربەرزیان.

 

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٦/٤/٤