Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری دھۆک: ئەمڕۆ 2 هه‌زار پارچه‌ زه‌وی دابه‌شكران و ١٣ ھەزار پارچە زەوی دیکەش ئامادە دەکرێن

دھۆک-KDP.info- دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەیەنێت کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش ھەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و شایستەبوواندا دابەشکراون، ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنی ١٣ ھەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی داھاتوودا بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکرێن.

دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکایەتی شارەوانی دھۆک تاوەکو ئێستا چوار ھەزار و ١٨ پارچە زەوی دابەش کردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو زەوییانەی ئەمڕۆ دابەشکران، کۆی گشتی زەوییە دابەشکراوەکان گەیشتە شەش ھەزار و ١٤٦ پارچە زەوی، ھەروەھا ڕوونیکردەوە کە سێ ھەزار و ٧٥ پارچە زەوی دیکە بەتەواوی بۆ دابەشکردن ئامادەن و تەنھا تیروپشکیان ماوە، ئەوەش بۆ قەزاکان دەمێنێتەوە و ھەر کاتێک دۆخەکە گونجاو بوو دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری دھۆک جەختی کردەوە کە ١٣ ھەزار پارچە زەوی دیکە لە ژێر پڕۆسەی ئامادەکردندان و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی مێژووی ڕەزامەندییەکان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێن کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەیە.