ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی ھەرێمی کوردستان و قەتەڕ و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ھەردوولا سەرکۆنەی ئەو ھێرشە تیرۆریستیانەیان کرد کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و قەتەڕ و نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەوەی میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان مایەی ھەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکوومەتی عێراق کۆنتڕۆڵیان بکات.
سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ ھەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچا بگیرێن.
سەرۆکی حکوومەت، ھاوسۆزی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ خەڵکی قەتەڕ دووپات کردەوە، ھەردوولا کۆک بوون لە سەر پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و ھاوئاھەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان.