ھەولێر-KDP.info- بە بڕیار و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەی ئاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرەو تەواوبوون دەچێت. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر باری دارایی لەباربیت کۆتایی ئەمساڵ خەونی لەمێژینەی چەمچەماڵییەکان دەبێتە ڕاستی.
ئەندازیار ئاری حەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بە خێرایی بەردەوامە. تا ئێستا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی گشتی ٣٠٪ تەواو بووە و بەشی مەدەنی٧٠٪ـی تەواو بووە. ھەروەھا بەشێک لە کەلوپەلی کارەبایی و میکانیکی گەیشتوونەتە شوێنی پڕۆژەکە و گرێبەستە پێویستەکان واژۆ کراون.
ئەندازیار ئاری حەمەد گوتیشی، ''ئەم پڕۆژەیە کە سەرچاوەکەی زێی بچووکە، لە قۆناغی یەکەمدا توانای دابینکردنی ٣٤٠٠ مەتر سێجا ئاوی ھەیە لە کاتژمێرێکدا. ئەمەش نەک تەنیا ناوەندی چەمچەماڵ، بەڵکو ناحیەکانی تەکیە و ڕزگاری و زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار ھاووڵاتی سوودمەند دەکات. لە قۆناغی دووەمیشدا، ئاو دەگاتە تەواوی گوندەکانی دەوروبەری چەمچەماڵ.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ جەختی کردەوە کە ئاوی پڕۆژەکە بە کوالێتییەکی زۆر بەرز و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) دەبێت. گوتیشی، ''ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، لە کۆتایی ئەمساڵدا (٢٠٢٦) پڕۆژەکە تەواو دەبێت و ئاوی پاک دەگاتە ماڵی ھاووڵاتییان.
قائید میرۆ