زاخۆ -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ده‌ڵێ "كۆڕنیشێكی سه‌رده‌میانه له قه‌زای باتوفه‌ی سه‌ر به زاخۆ دروست ده‌كرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین ساڵانه 500 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی بكات."
چیا ئه‌مین،به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری زاخۆ به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئێمه خه‌ریكی ئاماده‌كارین بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری، ئه‌ویش دروستکردنی كۆڕنیشی قه‌زای باتوفه‌یه، پڕۆژه‌كه له قۆناغی ئاماده‌كردنی دیزاینه، ڕێكاری كارگێڕی و یاسایی گیراوه‌ته‌وه به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌که، هه‌ر كاتێك ڕێكاره‌كان و ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واوبوون ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ده‌ڵێت "پڕۆژه‌كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار له ناوچه‌كه دەبێت، پێشبینی ده‌كه‌ین ساڵانه 500 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی كۆڕنیشی باتوفه بكه‌ن، چونكه هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كی گه‌شتیاری له‌خۆ ده‌گرێت."
چیا ئه‌مین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "پڕۆژه‌ی كۆڕنیشی باتوفه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه ئاماده ده‌كرێت، جگه له‌وه‌ی دیمه‌نێكی جوان به قه‌زاكه ده‌به‌خشێت هه‌لیكاریش بۆ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هاووڵاتییان ده‌ڕه‌خسێنێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین كۆشكی گه‌شتیاری و خواردنگه و كه‌پری گه‌شتیاری له‌خۆ ده‌گرێت."
قائید میرۆ