هەولێر -KDP.info- قایمقامی قەزای قوشتەپە ڕایگەیاند، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو، کارەبا، پەروەردە و تەندروستی لە سنوورەکە جێبەجێ کراون و دەشڵێت، پڕۆژەی دەروازەی قوشتەپە دەبێتە یەکێک لە جوانترین دەروازەکان لەسەر ئاستی عێراق.
بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە سنووری قەزای قوشتەپە ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن کە زۆربەی کەرتەکان لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کەوتووەتە گەڕ و کێشەی کەمئاوی لە سنوورەکە کۆتایی پێ هاتووە، هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەک لە قۆناغی کۆتاییدایە و چەندین شەقامیش کۆنکرێت کراون.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی تری قەزاکە، قایمقام ئاماژەی بەوە کرد، ''پڕۆژەی دەروازەی قوشتەپە ماوەی دوو مانگە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، ئەم دەروازەیە بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر دروست دەکرێت و دەبێتە جوانترین دەروازە لەسەر ئاستی عێراق، کە هەم دیمەنێکی شارستانی بە قەزاکە دەبەخشێت و هەمیش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتووچۆ دەکات.
لەبارەی کەرتی تەندروستیشەوە، بژار مەلا خدر گوتی، ''پڕۆژەی نەخۆشخانەی قوشتەپە قۆناغی باشی بڕیوە و لە ئێستادا هەیکەلی نەخۆشخانەکە تەواو بووە. ئەمە یەکەم نەخۆشخانەی گشتییە لە دەوروبەری هەولێر و دوای تەواوبوونی، سوودێکی زۆری بۆ کەرتی تەندروستیی ناوچەکە دەبێت و بە نوێترین ئامێر و کارمەندی پسپۆڕ دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
قائید میرۆ