Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی هاوپەیمانیی مەسیحی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ئەکیتۆ

ھەولێر-KDP.info- ھاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی ئەکیتۆ، سەری ساڵی بابلیی کلدانی ڕاگەیەدنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی گەلە ڕەسەنەکەیان لە خاکی میزۆپۆتامیا کردەوە.

دەستەی سیاسیی ھاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە شادییەکی گەورە و بە پشتبەستن بە دەقە پیرۆزەکان کە دەفەرمووێت: "بۆ ھەموو شتێک سەردەمێک ھەیە، بۆ ھەر کارێکیش لە ژێر ئاسماندا کاتێک ھەیە"، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆڵەکانی گەلی کلدان و ئاشووری کرد بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆ، کە سیمبوڵی سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا و نوێبوونەوەی سروشتە.

ھاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەکیتۆ گوزارشت لە ناسنامەیەکی شارستانیی قووڵ دەکات، کە تێیدا باپیرانی ئەم گەلە یەکەمین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتییان لە خاکی "بێپ نەھرێن" نووسییەوە و بناغەی زانست، یاسا و گەردوونناسییان دانا.

ھاوپەیمانییەکە جەختی کردووەتەوە، کە پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە، تەنیا ئەرکێکی کولتووری نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و نیشتمانییە بۆ ڕێگریکردن لە پەراوێزخستنی ئەم پێکھاتە ڕەسەنە.

ھاوپەیمانیی مەسیحی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کاروانی سیاسییان لە بەھاکانی باوەڕی کریستیانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی، دادپەروەری و ئاشتی دامەزراوە.

دەستەی سیاسیی ھاوپەیمانیی مەسیحی، دەڵێت: کە ئەرکی ئەوان داکۆکیکردنە لە مافی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بێ جیاکاری، بە مەبەستی بنیادنانی کۆمەڵگەیەک کە کەرامەتی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.

ھاوپەیمانیی مەسیحی، لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوای لە ھەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەیان کردووە کە دەست بە ڕەگ، ڕیشە، زمان و کولتووری خۆیانەوە بگرن.

ھەروەھا بانگەوازی بۆ تەواوی ھێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان کردووە کە ڕیزەکانیان یەکبخەن، چونکە ھێزی ئەم پێکھاتەیە لە یەکگرتووییدایە.

ھاوپەیمانییەکە ھیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی جیھاندا.

جەژنی ئەکیتۆ, ١٢ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ھەرێمی کوردستان دا ھاووڵاتییانی مەسیحی بە چەندین چالاکی جیاواز لەم جەژنە خۆشی خۆیان دەردەبڕن.