ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٣/٣١، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دیلان یەشیلگۆز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری ھۆڵەندا ، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشھات و پەرەسەندنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
ھەردوولا ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیان شەرمەزار کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر گرژی و شەر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەربڕی.
جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری ھۆڵەندا ، ستایشی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە. بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پێشخستنی پەیوەندیی دوولایەنە کرد و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی و ھاوئاھەنگیی بەردەوامی نێوان شانشینی ھۆڵەندا و ھەرێمی کوردستان لە بواری ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری دەربڕی.