ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ھێرشی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاییندەی عێراق دروست دەکەن و داواش دەکات لیژنەکان بە جیدی کارەکتەر و بکەرانی پشت ھێرشەکان دەستنیشان بکەن.
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و ھێرشەکان ڕایگەیاند، ''ئەو کردەوانەی لەلایەن گرووپە لەیاسا دەرچووەکانەوە ئەنجام دەدرێن، عێراق بەرەو ھەڵدێر دەبەن. پێویستە لیژنەکان بە وردی شوێن و ئەو کارەکتەرانە دەستنیشان بکەن کە ھێرش دەکەنە سەر ھەرێمی کوردستان''.
وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، کە چیتر لێکۆڵینەوەی ڕووکەش سوودی نییە و پێی وایە، ''ئەگەر ئەو لیژنانە وەک ھێرشەکانی ڕابردوو بەشێوەیەکی ڕووکەش لێکۆڵینەوە بکەن، ھیچ دەرەنجامێکی نابێت و ڕێگری لەو پێشێلکارییانە ناکات''.
جێگەی وەبیرھێنانەوەیە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ھێرشێکی درۆنی کرایە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە شاری دھۆک، کە کاردانەوەی توندی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و بە ھەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە لەقەڵەم درا.