هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ٣١ـی ئادار، یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان، سەرۆک مسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو دوو حزبە کرد.
دەقی پەیامی پیرۆزباییی سەرۆک بارزانی:
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی 31ی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانیان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەو بۆنەیەدا پێزانینمان بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان لە خەباتی گەلانی عێراق و گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریدا هەیە.
لەو یادەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئالنگارییەکان و دوورخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکان دەکەینەوە.
مسعود بارزانی
31ی ئاداری 2026