Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە حزبی شیووعیی عێراق و کوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیووعیی عێراق و کوردستاندا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەو دوو حزبە کرد و جەختی لە گرنگیی تەبایی و کاری پێکەوەییی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە.

دەقی پەیامی پیرۆزباییی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ 31ی ئازار، لە یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیووعیی عێراق و کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی، ئەندامان و لایەنگرانی هەردوو حزب لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە لە مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی هەردوو حزب و ڕۆڵی دیاری نیشتمانییان لە بزووتنەوەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا دەڕوانین. هەروەها یادی هەموو ئەو تێکۆشەرە دێرینانە دەکەینەوە کە ژیانی خۆیان لەپێناو ئازادی و خزمەتکردنی گەل و نیشتماندا بەسەر بردووە.

دووپاتی دەکەینەوە کە لەم قۆناغەدا، پته‌وکردنی تەبایی و کاری پێکەوەییی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان، فاکتەرێکی سەرەکیی پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشترە بۆ وڵاتەکەمان.

 

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حزبی شیووعی و تەواوی شەهیدانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/3/31