Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت و وەزیری وزەی ئەمەریکا دۆخی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

هەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3/30، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس ڕایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە تایبەتی دۆخی وزە کرد.

بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وەک ئاسانکارییەک بۆ کەمکردنەوەی فشار و ئاڵنگارە ئابوورییەکان لەسەر عێراق و بازاڕی جیهانیی وزە، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان و هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیروریستییەکان کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت و هەناردە بکرێت.هەروەها پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.