هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە پێناو دابەزاندنی نرخ و دابینکردنی پێداویستیی بازاڕ، قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە هەڵبگرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ''دوای بەدواداچوونی ورد بۆ بەرهەمی تەماتە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە کە بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندا کەمی کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵی ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٠٨، بڕیار درا بە هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات.
جێگەی ئاماژەیە، بڕیارەکە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٣/٢٩ و (ڕۆژی دەرچوونی نووسراوی فەرمی) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ڕێگە بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە دەدرێت بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.