Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٦/٣/٢٩ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە خاتوو ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، خاتوو کووپەر بە توندی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و ھێرشە درۆنییەکەی دوێنێی سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ لە دھۆک سەرکۆنە کرد، ھەروەھا ھاوخەمی و ھاوسۆزیی خۆی بۆ بەڕێزیان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە ھێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر ھەرێمی کوردستاندا شەھید و بریندار بوون.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ھەروەھا جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی ھاوکاری و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی خاتوو کووپەر و پشتگیری و ھاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەرگیز بەشێک نەبووە و نابێتە بەشێک لە جەنگ.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، دوایین پێشھاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکە و جیھانەوە، بیروڕایان گۆڕییەوە. لەمبارەیەوە ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییھاتنی شەڕ کردەوە.