Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن لە ڕاپەڕین: پەرەپێدانی کارە حزبییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە کارە لەپێشینەکانمانە

ڕاپەڕین-KDP.info- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین)، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کاروباری ئۆرگانەکان و پەرەپێدانی کارە حزبییەکان، سەردانی لقی ١١ی ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرس و هەڤاڵانی لق کۆبووەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، لە چوارچێوەی سەردانە مەیدانییەکانیدا، سەردانی بارەگای لقی ١١ی ڕاپەڕینی کرد.

لەو دیدارەدا، کە لەلایەن هەڤاڵ کرمانج عیزەت، بەرپرسی لق و ئەندامانی تری لقەوە پێشوازیی لێکرا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی ڕێکخستنی پارتی لە سنوورەکە کرا.

عەلی حوسێن دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی لقی ١١ کرد بۆ خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین و جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە وەک هێزێکی داکۆکیکار لە مافەکانی گەل، لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوام دەبێت و پێویستە ئۆرگانەکان لە ئاست چاوەڕوانییەکانی جەماوەر بن.

لەلایەن خۆشییەوە، کرمانج عیزەت بەرپرسی لقی ١١، کورتەیەکی لەبارەی چالاکییەکان و پلانەکانی لق بۆ قۆناغی داهاتوو پێشکەش کرد و ئامادەیی هەڤاڵانی دەڤەرەکەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە حزبییەکان دووپات کردەوە.