Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی دوو بۆ KDP: کردەوە و گوتارەکانی سەرۆکی حکوومەت پایتەختیان لە مەترسیی لافاو پاراست

هەولێر-KDP.info- د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەت لە دروستکردنی بەنداو و پۆند و تۆڕی ئاوەڕۆکاندا، بوونەتە قەڵغانی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و گۆڕینی نەخشەی ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێردا.

د. زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار تا پێنج بەرامبەری ساڵی ڕابردووە، کە ئەمەش بەرەکەت و ڕەحمەتی خودایە، هاوکات دەڵێت، ''جێگای خۆیەتی شاهێدی ئەو کارە نایاب و سەرکەوتووانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەین لە دروستکردنی بەنداو، پۆند، ڕێڕەو و ئاوەڕۆ و پڕۆژەکانی ڕێگری لە لافاو، کە بوونە هۆکاری سەرەکیی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەی مەترسیی کارەساتەکان.

بەرپرسی لقی دووی پارتی سوپاسی تایبەتی ئاراستەی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ''سوپاسی ڕێزدار جەنابی سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە بووە فریادڕەسی کارە نایابەکان و سەرمەشقی خزمەتکردنی کوردستانیان، کە لە هەر سێکتەرێکدا بیری لە ژێرخان و چارەسەری ستراتیژی کردەوە و گوتارەکانی کرد بە کردار.

هەروەها د. زانا مەلا خالید دەستخۆشی لە پارێزگاری هەولێر و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کارمەندانی ماندوونەناسی شارەکە کرد، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە کاتی پشووەکانیشدا، شەونخونییان کرد و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ئەرکدابوون بۆ پاراستنی شارەکە لە مەترسییەکانی لافاو.

 

ئەژین غەفار