Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن

هەولێر-KDP.info- پاش هێرشەکەی سەر شاری دهۆک و بەئامانجگرتنی شوێنی حەوانەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوی جیادا بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەیان کرد و داوایان لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سنوورێک بۆ گرووپە لە یاسادەرچووەکان دابنێن.

ئەمەش دەقی ڕاگەیێندراوەکانی لایەنەکانە:

بەیاننامەیەک لە مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی زەحمەتکێشان: 

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆردومانی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم شەرمەزار دەکات.

  لە چوارچێوەی بۆردومانە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی ئادار لە شاری دهۆک لە لایەن نەیارانی هەرێمی کوردستانەوە بۆردومانی ماڵی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کراوە، ئێمە لە مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەو پەلامارە دوژمنکارانەیە شەرمەزار دەکەین.

  لێرەدا داوا دەکەین دەبێت هەرچی زووە سنورێک بۆ ئەو هێرش و پەلامارانە دابندرێت کە ڕۆژانە دەکرێنە سەر دامەزراوە فەرمیەکان و ناوەندە مەدەنیەکانی هەرێمی کوردستان.

  لەو بارەیەوە دەبێت حکوومەتی عێراق بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارەتییە.

 

 مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان                  

-----------------------------

بۆ ڕای گشتی و تەواوی خەڵکی کوردستان

ئەی جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی نالەباردا گوزەر دەکات بەهۆی جەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، هەر لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا بێلایەنیی خۆی لەم گرژی و ئاڵۆزییانەدا ڕاگەیاندبوو. لە هەمان کاتدا، لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆریان دابوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

بەداخەوە، دوای شەهیدکردنی پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان، ئەمڕۆش ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی) کراوەتە ئامانج. ئەم دەستدرێژییە قابیلی قبووڵ نییە، بۆردوومانکردنی خانەوادەی سڤیلی سەرۆکی هەرێم، بۆردوومانکردنی تەواوی خەڵکی کوردستانە.

ئێمە وەک "بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان"، ئەم بۆردوومانە ناحەق و ناڕەوایە مەحکووم و ڕیسوا دەکەین. داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین خەڵکی هەرێمی کوردستان پەلکێشی ناو کێشە و ئاڵۆزییەکانی خۆیان نەکەن.

سەربەرزی بۆ شەهیدان

سەروەری بۆ کوردستان

 

کرخی نجم الدین ئاڵتی بارماغ

سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان لە کوردستان

----------------------------------------------------------

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود سەرکۆنەی بەئامانج گرتنی ماڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

لە درێژەی ئەو هێرشەناڕەوایانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ( ۲٨ / ٣/ ٢٠٢٦ ) لە پارێزگای دهۆک هێرش کرایە سەر ماڵی بەڕێز نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. 

وەک ڕوون وئ اشکرایە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی دەستووری و یاسایی هەیە لە چوارچێوەی عێراقی دیموکراتی فیدڕاڵدا، ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتە هۆکاری تێکدانی پێکەوەژیانی گەلانی عێراق و بارودۆخێکی نوێ و ئاڵۆزیی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتاوە ڕایگەیاندوە کە ئێمە بەشێک نین لەو جەنگە نەخوازراوە و بەئامانج گرتنی ڕەمز و پێگە دەستوریەکانیی پێشێلکردنێکی ڕوونی سەروەرییەکانمانە و بەری ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانە.

ئەم هێرشە ترسنۆک و تێکدەر و دوژمنکارانە بەرامبەر بەماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین.

 

عبداللە حاجی مەحمود 

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی عێراق

--------------------------------------------

هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌توندى ئیدانه‌ ده‌كه‌ین

  - جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...

  - حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى کوردستان ...

  - ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ...

 ئه‌مڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ٢٨/٣/٢٠٢٦، هێرشێکی تیرۆریستی و ترسنۆكانه‌ بۆ سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شاری دهۆک ئەنجامدرا، ئێمە لە یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى دیموكراتى كوردستان YNDK بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ماڵى سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک ڕووداوێکی مەترسیدار و ناڕەوا دەبینین، لاى هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە کەوا بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و به‌رپرسانى هەرێمی کوردستان هه‌موو كات دووپاتیان كردۆته‌وه‌، کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

 بێگومان هەرێمى كوردستان بەو هەوڵە نه‌زۆكانه‌ هەرگیز ناخزێتە ناو هاوکێشەیەک کە لە بەرژەوەندی گەلەکەیدا نەبێت، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەمیشە فاکتەری بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان بووە و بەردەوام هەوڵ و دەستپێشخەری نواندووە بۆ ئارامی لە ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان هه‌میشه‌ خۆى به‌ دۆستی ڕاستەقینەی دراوسێکانی زانیوه‌ و هیچ کات پێشێلى ڕێساكانى دراوسێیه‌تى نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هەندێ لایەن ڕێزیان له‌و ئیراده‌یه‌ نه‌گرتووە و به‌پێچه‌وانه‌وە مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان كردووە.

  ئەم هێرشە تیرۆریستییە تەنها هێرش نیە بۆ سەر کەسایەتی و ماڵى سه‌رۆكى هه‌رێم، بەڵکو هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کوردستان و بەهاکانی ئاشتی و دیموکراسی، داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین ته‌نیا بە به‌یاننامه‌ سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشانه نەکات،‌ به‌ڵكو پێویسته له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند و پسپۆڕ‌ بە خێرایی بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشكرا بکات و سزای یاساییان بدات، حکوومەتی عێراق دەبێ بەبێ دوودڵی سزای ئەو گرووپ و میلیشیایانە بدات کە بوونەتە مایەی مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر هه‌رێمى كوردستان و تەواوى گەلانی عێراق، ئێستا کاتی دانانی سنووره‌ بۆ چالاکی ئەو میلیشیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌ تیرۆریست و لە یاسا ده‌رچووانه‌، کە بوونەتە مەترسی بۆ سەقامگیری ناوچه‌كه‌.

  ئێمە لە یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى دیموكراتى كوردستان YNDK، جارێكى دیكه‌ دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ وەک هەمیشە لەپاڵ گەل و سەرۆکایەتى هەرێم و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا دەبین و هەموو هەنگاوێکیش ده‌نێین بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمى كورستان و پاراستنى خەڵک و خاكه‌كه‌ى. 

 - مردن و رووڕه‌شى بۆ تیرۆریستان و دوژمنان و داگیركه‌رانى كوردستان.

 

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

-----------------------------------------------------

ڕاگەیەندراوى 

بزوتنەوەى چاکسازیی نیشتمانى سەبارەت بە هێرش و پەلامارى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان 

هێرش و پەلامارى سەر ماڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەڕێز (نێچیرڤان بارزانى) لە دهۆک بەتوندى ئیدانە دەکەین، هێز و گرووپە گێرەشێوێن و لە یاسا دەرچووەکان بەو کردەوانەیان دەیانەوێت هەرێمى کوردستان پەلکێشى دۆخێکى نەخوازراو بکەن لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان وێستگەیەکى گرنگى ئاشتى و پێکەوە ژیانى ناوچەکەیە، بۆیە داواکارین حکوومەتى عێراقى فیدراڵ سنورێک بۆ ئەو کردەوە مەترسیدارانە دابنێت.

درود بۆ ڕۆحى پاکى شەهیدانى کوردستان.

 

بزوتنەوەى چاکسازیی نیشتمانى