Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆکوەزیران ئەلسوودانییەوە پێگەیشت

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ شەممە 2026/3/28 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیران ئەلسوودانی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئه‌مڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پەرۆشیی سه‌رۆك نێچرڤان بارزانی بۆ بەهێزکردنی تەبایی لەنێوان هەموو عێراقییەکاندا کرد.

هەر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند کە فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمى كوردستاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی.

هەر لە پەیوەندییەکەدا، به‌ڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پەرۆشیی حکوومەتى فیدراڵ کردەوە بۆ ڕێگری لە هەر لایەنێکی دەرەکی یان نێودەوڵەتی کە بیەوێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێکانی ناوچەکە بکات، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەخرێنە گەڕ.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی سەرۆکوەزیران ئەلسوودانی و هه‌وڵه‌كانى حکوومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرد.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی کردەوە.