Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر.. هۆڵی نوێی نەشتەرگەریی هەناوبینی لە نەخۆشخانەی ئافرەتان کرایەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی ئاداری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسوکاری خوالێخۆشبوو، پڕۆژەیەکی گرنگی تەندروستی لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر کرایەوە.

پڕۆژەکە بە گوژمەی ٢٠٠ هەزار دۆلار و لەسەر ئەرکی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو  (د. سەنار کەمال) ئەنجام دراوە و بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری و دروستکردنی هۆڵێکی نوێی تایبەت بە نەشتەرگەریی هەناوبینی، کە بە تەواوی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییە سەردەمیانەکان دابین کراوە.

ئەم پڕۆژەیە بە ناوی خوالێخۆشبوو (د. سەنار کەمال)ـەوە ناونراوە و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر ئەنجام دەدرێن.

وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر لە میانەی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، سوپاسی ئەم دەستپێشخەرییە مرۆییەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوویان کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی ژێرخانی تەندروستی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان کردەوە.