ھەولێر-KDP.info- لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن ئاماژە بەوە دەکات بە پیادەکردنی چەند خاڵێک لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە ڕۆژی٢٩ی٣وە دەست بە خوێندن دەکرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو ٢٩ـی ئاداری ٢٠٢٦، دەوام لەناو ھۆڵەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە و زانکۆکان ڕاسپێردراون گرنگی زیاتر بە وانە پراکتیکییەکان بدەن.
ئاماژە بەوە دراوە بە بەڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکوومی و ناحکوومییەکان دەبێت:
١. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/٢٨) دەرگای سەرجەم بەشەناوخۆییەکان کراوە دەبێت بۆ پێشوازی کردن لە قوتابییان و خوێندکاران.
٢. زانکۆکان دەسەڵاتییان ھەیە بۆ پێداچوونەوە بەڕێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن ئەگەر پێویست بکات.
٣. زانکۆکان ئەولەویەت دەدەن بە وانە کرداری و پراکتیکییەکان بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە کات.
٤. پرۆسەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و خوێندنی پێداگۆجی و خوێندنی سەنتەرەکانی زمان بەپێی پلان و بەرنامەی پێشووی خۆیان بەڕێوەدەچن.
٥. قوتابییان و خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا ئەگەر بەھۆی ئەم ماوەی پشووی ڕابردوو کاتی فەرمی خوێندنیان تەواو بووە و نەیانتوانیوە گفتوگۆی نامەکانییان بکەن ئەوا قەرەبووی ئەو ماوەیە دەکرێنەوە.
٦. بەمەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی دەروونی و سەلامەتی گیانی خوێندکاران پێویستە لەسەر زانکۆکان ئاسانکاری پێویست ئەنجام بدەن بەمەرجێک کار نەکاتە سەر کواڵیتی خوێندن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت دەکاتەوە بەھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆکان بەووردی و بەردەوام ھەڵسەنگاندن و چاودێری بارودۆخەکە دەکەن، لەحاڵەتی ھەر پێشھات و گۆڕانکارییەک ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.