Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پەروەردە: بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ھاتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ ی ٣ ی ٢٠٢٦، دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی دەست پێدەکاتەوە، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە:

​١- ھەر بەخێوکارێکی قوتابی ئەگەر نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، (نەھاتن - غیابات)ی لەسەر تۆمار ناکرێت و دەتوانێت لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لە پلاتفۆرمەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت (کە لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی پێ دەدرێت). تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بەگوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و وەزارەت ، لە قوتابخانە ئامادە بێت، بۆ ئەمەش پێویستە بەخێوکاری قوتابی فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە. ھەروەھا مامۆستایان لە ڕێگەی گرووپی قوتابخانە یان ئەپڵیکەیشنی (ئی-ھەڵسەنگاندن) ئەرکی ماڵەوە بنێرن بۆ ئەو قوتابیانەی کە خوێندنی ئەلیکترۆنییان ھەڵبژاردووە.

​٢- قوتابیانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بەخێوکارەکانیان ئامادە نەبوون منداڵەکانیان بنێرنەوە قوتابخانە، پێویستە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکە بە ڕێگەی ئۆنلاین، ئەلیکترۆنی یان ھەر ڕێگەیەکی دیکە خوێندنیان بۆ فەراھەم بکات و تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا پێویستە لە قوتابخانە ئامادە بن.

​٣- قوتابخانە بیانییەکان دەتوانن بە ھەمان شێوە سوود لە خاڵی (٢) وەربگرن، یان دەتوانن بڕیار بدەن تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی، بەگوێرەی بڕیاری دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکەیان.

​٤- بە مەبەستی دڵنیایی بە قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان ھەیە، ئاگاداریان دەکەینەوە کە وەزارەت سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانیان ساڵنامەی خوێندنیان بۆ ھەموار دەکاتەوە.

​ لە پۆلی ١ی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی (قوتابخانەی حکومی و ناحکومی) دەتوانن سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) کە لە ئێستادا کارایە:

https://ewane.krd

​ لە پۆلی ١ تا ٦ی بنەڕەتی پلاتفۆرمی کارلێکارانەی دیجیتاڵیی (قوتابخانەکەم) ئێستا کارایە بۆ قوتابیانی قوتابخانە حکومییەکان:

https://qutabxanekem.krd