Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکات

ھەولێر-KDP.info- کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان، ھێرشی مووشەکە بالیستییەکەی ئێران بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ـی ئاداری ٢٠٢٦، یان برێم، کۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی مووشەکە بالیستییەکەی ئێرانی بۆ سەر فیرقەکانی ٥ و ٧ـی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی سۆران کرد.

لە نامەکەدا ھاتووە، کە ئەو ھێرشە بووەتە ھۆی شەھیدبوونی ٦ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣٠ـی دیکە. کونسوڵی فەرەنسا وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان، ھیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

یان برێم، لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "دڵنیابن لە ھاوسۆزیی فەڕەنسا بەرانبەر ئەم کردەوە دوژمنکارانەیە لە دژی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسان و دانیشتووانەکەی."

ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن و ھەوڵدان بۆ پاراستنی ئاشتی و دابینکردنی ئاسایش بۆ گەلی کورد.