هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، دۆخی کارەبا و غاز لە ماوەیەکی نزیکدا ئاسایی دەبنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە دابەشکردنی غاز بە سیستەمی کارت بەردەوامە بۆ ئەوەی ڕێگری لە قۆرغکاری بکرێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکە دروست بوون، کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی غازی ڕاگرتبوو، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی کێشەی کارەبا و غاز و کاتێک گەیشتە ئەوەی بەرهەم بگاتە سفر، بەڵام ئێستا دووبارە دەست بە بەرهەمهێنان کراوەتەوە و بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەگەر گرفت دروست نەبێت، لە ماوەیەکی نزیکدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
کاکەشین گوتیشی، ''ئێمە سیستەمێکمان بۆ دابەشکردنی غاز داناوە کە بە کارت غاز دابەش دەکرێت، بەمەش کەس بێبەش نابێت و تاوەکو هەمووان غاز وەرنەگرن، کەس ناتوانێت دووبارە وەریگرێتەوە، بریکارەکانیش پێویستە هەمووی دابەش بکەن و ناتوانن قۆرغکاری بکەن، بۆیە ئێستا بەردەوام غازمان بەدەست دەگات و بەپێی کارتەکان دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر دەشڵێت، ''بەهۆی ئەو دۆخەی دروست بوو، نرخی بەنزینیش کەمێک گران بوو، بەڵام بۆ ئەوەی نرخەکەی زیاتر گران نەبێت، ڕۆژانە بەنزینی حکوومی دابەش دەکرێت. ئەوەی دەکرێت هەمووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات و بەغدا تەنیا لە غازدا کەمێک هاوکارە، گەرنا هاوکاریی هەرێمی کوردستان ناکات لە دابینکردنی سووتەمەنیدا.
بڵند ئیبراهیم