Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەرێمی کوردستان، فاکتەری هاوسەنگی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا

هەژێن لوقمان

لە کاتێکدا ناوچەکە و جیهان بە قۆناغێکی پڕ لە گرژی، جەنگ و ئاڵۆزیی گەورەدا تێپەڕدەبن، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و ئارامی دەردەکەوێت. گەلی کوردستان دوای دەیان ساڵ لە جەنگ، ململانێ و قوربانیدان بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی، ئەمڕۆ تەواوی ئیرادەی خۆی بۆ بونیادنان، ئاوەدانی و پێشکەوتنی ئابووری تەرخان کردووە. ئێمە نایخوازین ببینە بەشێک لە ململانێ و جەنگێکی هەرێمی کە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان ناکات، جگە لە ماڵوێرانی و پاشەکشەی پرۆسەی گەشەپێدان.

بێلایەنیی ئەرێنی و دوورکەوتنەوە لە جەمسەربەندیی توند، بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا هەڵوێستێکی سیاسیی کاتی نییە، بەڵکو بڕیارێکی ستراتیژی و چەسپاوی سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە کوردستان هەمیشە ببێتە هۆکاری ئاشتی و گفتوگۆ، نەک ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەک. بەڵام جێگەی داخە، ئەم ویستە ڕوو لە ئاشتی و پێکەوەژیانە، لە لایەن هەندێک هێزەوە بە ڕێزگرتن وەڵام نەدراوەتەوە، بەڵکو بە کردەوە و ڕەفتاری دوژمنکارانە و هێرشی ناڕەوا وەڵام دراوەتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.

حکوومەت و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە باوەڕی تەواویان بە چارەسەری سیاسی، دیپلۆماسی و زمانی گفتوگۆ هەیە، نەک زمانی مووشەک، درۆن و هەڕەشەی سەربازی. مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە شەڕ تەنها کوشتن، وێرانکاری و ئاوارەبوونی لێ شین دەبێتەوە. هەر جووڵەیەک ئارامیی هەرێمی کوردستان تێکبدات، لە بنەڕەتدا هێرشکردنە سەر مافی سروشتیی گەلێکە کە دەیەوێت بە ئاشتی و سەربەرزی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بژی.

بێلایەنیی ئێمە، بێلایەنییەکی لاوازانە نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی بەرپرسانە، ئامانجدار و ئەخلاقییە. پەیامێکی فەرمییە بۆ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەم هەرێمە نیشتمانی پێکەوەژیان و لێبوردەییە، نەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگ و ململانێی هێزەکان.

هەرێمی کوردستان، چۆن لە ڕابردوودا پەناگەی متمانەپێکراوی ئاوارە و لێقەوماوان بووە، پێویستە ئەمڕۆش لە لایەن کارەکتەر و هێزە ناوچەییەکانەوە ڕێز لەم مۆدێلە ئارامە بگیرێت. تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان زیان بە هەمووان دەگەیەنێت، چونکە پاراستنی کوردستان پاراستنی هاوسەنگی و چانسی دروستبوونی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.