Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەزیر ئەسعەد بۆ KDP: مانگی داهاتوو دەردەکەوێت ئاوی ژێرزەوی چەند زیادی کردووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بارانی ئەمساڵ یەکێکە لە باشترین وەرزی بارانبارینەکان و پێشبینی دەکرێت بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەفر و بارانەوە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات و کانیاوەکان بتەقنەوە.

نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری بەفر و باران باریوە و ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە، پێشبینی دەکەین کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەبێت و ئاستەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات. بارانی ئەمساڵ نایاب و نمرە یەکە، پێشبینیش دەکەین لە مانگی داهاتووشدا بڕێکی تری باران ببارێت.

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر دەشڵێت، ''لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا، تەنیا پێنج ساڵ بارانی زۆر باریوە، بە پێچەوانەوە زۆربەی ساڵانی دیکە کەمبارانی یان وشکەساڵی بووە. ڕاستە بارانی ئەمساڵ بەم ڕێژە بەرزەشەوە قەرەبووی وشکیی ٣٥ ساڵی ڕابردوو ناکاتەوە، بەڵام یەکێکە لەو ساڵانەی کە بەفر و بارانێکی زۆری تێدا باریوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەبێت.

نەزیر ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''هێشتا وەرزی دابارین بۆ ئەمساڵ ماوە و پێشبینی دەکەین ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، بە تایبەتی لە ناوچەیەکی کوێستانی وەک مێرگەسۆر کە نزیکەی دوو هەزار ملم باران ببارێت. مانگی داهاتوو کانیاوەکان دەتەقنەوە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرز دەبێتەوە، ئەو کات وەک ڕێژەش بۆمان دیار دەبێت کە چەند زیادی کردووە.

 

قائید میرۆ