Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەڵمانیاو بەریتانیا، هاوخەمی بۆ پێشمەرگە دەردەبڕن

ھەولێر-KDP.info-  لە دوو نامەی جیاوازدا، هەردوو حکوومەتی ئەڵمانیا و (بەریتانیا)، هاوخەمی و سەرەخۆشی قووڵی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بەبۆنەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە: لە نامەکانیاندا هەردوو وڵات وێڕای دەربڕینی خەمبارییان، ڕێزیان لە قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە گرتووە و خۆیان بە هاوبەشی خەمی گەلی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەزانن.

هەروەها لە نامەکاندا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و هاوکارییانەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دێت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە، دوێنێ بەرەبەیان، لە ھێرشێکدا بە مووشەکی ئێرانی، شەش پێشمەرگەی قارەمان، شەھید بوون.