Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵمەتی چاندنی ١٢٧ هەزار دار بە نەمامی خۆماڵی لە پایتەخت دەستپێدەکات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەم کابینەیەدا ڕێژەی سەوزایی لە پایتەخت زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی %٢٠، جەختیش دەکاتەوە کە پلان هەیە ئەمساڵ ١٢٧ هەزار داری دیکە بچێندرێن کە هەموویان بەرهەمی ناوخۆی نەمامگەکانی حکوومەتن.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، لە ئێستادا دوو پارکی نوێ تەواو بوون و دوو پارکی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردن دان. پارکە تەواوبووەکان دەکەونە سەر شەقامەکانی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری لەسەر ڕێگەی مەسیف و مووسڵ، ئەوانەشی لەسەر ڕێگەی مەخموور و ڕەشکینن، کارکردن تێیاندا بەردەوامە.

ڕێبین ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا لە هەولێر ٢٣ پارکی گەورە هەن، بە گشتیش ژمارەی باخچە، نافوورە و دارستانەکان دەگاتە نزیکەی ٨٠٠ شوێن. گوتیشی، ''لە تەمەنی ئەم کابینەیەدا ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر بە نزیکەی %٢.٥ زیادی کردووە و کۆی گشتیی ڕێژەکە گەیشتووەتە نزیکەی %٢٠. پلانمان هەیە پارک و باخچەی نوێ دروست بکەین، بە تایبەتیش دەمانەوێت لە باشووری هەولێر و لە نێوان شەقامە سەرەکییەکاندا ڕێژەی سەوزایی زیاتر بکەین.

سەبارەت بە هەڵمەتی دارچاندنی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر ڕوونی کردەوە، ''ئێستا وەرزی چاندنە و دەستمان پێکردووە، بەڵام بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕامانگرتووە. ساڵی ڕابردوو ١٢٧ هەزار دارمان چاند، ئەمساڵیش دەمانەوێت بگەینەوە بە هەمان بڕ و ڕێژە. مژدە ئەوەیە کە هەموو دارەکان لە نەمامگەکانی خۆمان بەرهەم دەهێنین و جۆری دارەکانیش بە جۆرێکن کە تەواو لەگەڵ ژینگەی پارێزگای هەولێردا دەگونجێن، بۆیە پرۆسەی سەوزکردنی پایتەخت بەردەوام دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم