Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارانی مەسیحی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هێزی پێشمەرگە دەکەن

هەولێر-KDP.info- لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هەریەک لە د. جەیمس حەسدو هێدو و رامی نووری سیاوش، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتای پێکهاتەی مەسیحییەکان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشێکی مووشەکییان کرد بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، بارەگای فیرقەی حەوتی هێزەکانی پێشمەرگە لە "دەڤەری یەک" کراوەتە ئامانجی هێرشێکی موشەکیی بالیستی. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ۳۰ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

هەردوو پەرلەمانتارەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هێرشە "ناڕەوا و بە ئەنقەست" ئەنجام دراوە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی بێلایەنی خۆی لە جەنگەکاندا ڕاگەیاندووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم دەستدرێژییە، درێژکراوەی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە ڕۆژانە دەکرێنە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ پاساوێک، کە ئامانج لێی دروستکردنی ترس و تۆقاندنە لەنێو هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیلدا."

د. جەیمس حەسدو و رامی نووری سیاوش، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵیان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان، جەختیان کردەوە کە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە لە ئەستۆی هێرشکاران دەبێت.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هێرشە موشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.