Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر پێشمەرگە دەکات

هەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر ناوچەی سۆران لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" و پێشێلکردنی سەروەریی وڵات وەسفی کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق.

بۆ ڕای گشتی و دامەزراوە نیشتمانییەکان. 

لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەری ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا ناسراوە، جارێکی تر هێرشێکی دوژمنکارانەی ناڕەوا بە موشەکی بالیستی ئێرانی، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناوچەی سۆرانی کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەیەکی تر لە تێکۆشەران. 

ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراق و خاکی هەرێمی کوردستانە و پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی دەستووری عێراقە، کە پێشمەرگە وەک بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی وڵات دەناسێنێت

ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم هێرشە ناڕەوایە بە توندی سەرکۆنە دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە بێدەنگیی بەردەوامی دامەزراوە فیدراڵییەکان بەرانبەر ئەم پێشێلکارییانە، پرسیارێکی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە دەستووری و یاساییەکان دروست دەکات. لە هەمان کاتدا، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و پاراستنی گیانی هێزە چەکدارەکان، و ڕێگە نەدات خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ ناوچەییەکان. 

هەروەها، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بە هەڵوێستێکی ڕوون و کاریگەر، ئەم جۆرە هێرشانە مەحکوم بکەن و پشتگیری لە پاراستنی سەروەریی عێراق وهەرێمی کوردستان و ئارامی ناوچەکە بکەن. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ئیرادەی گەلی کوردستان، لەبەردەم هیچ فشار و هەڕەشەیەکی سەربازیدا ناشکێت، و خوێنی شەهیدەکانمان هەمیشە هۆکارێک دەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکان.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان، و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٢٤/ ٣/ ٢٠٢٦