هەولێر-KDP.info- یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە دوژمنکارییەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی پێشمەرگە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کردەوانە پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام، مافی مرۆڤ و مافی دراوسێیەتییە و ڕشتنی خوێنی بێتاوان بە ناحەق، زوڵمێکی گەورەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
دەقی پەیامەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەداخەوە جارێکی تر کوردستان بریندار کرایەوە و، بە مووشەکی بالیسیتی بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە لە سپیلک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردە ئامانج و، شەش پێشمەرگە شەهید و سی دیکەش برینداربوون.
زۆر بە توندی ئەو جۆرە هێڕش و کردە نامرۆڤانەیە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، کە پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام و مافی مرۆڤ و مافی دراوسێیەتین، لە ئیسلامدا ڕشتنی خوێن بە ناحەق زوڵمێکی زۆر گەورە و غەدرێکی دوژمنکارانەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەس و کاری شەهیدان دەکەین، دوعای زوو چاکبوونەوە و شیفای بەخێر بۆ برینداران دەخوازین، خوای گەورە کوردستانمان بپارێزێت..
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
24ی3ی2026