Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

په‌یامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.

دەقی پەیامەکەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: 

بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەى ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.

هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆیه‌ ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2026/3/24