Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

هەولێر-KDP.info- سەبارەت بە هێرشی مووشەكیی شەوی رابردوو بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 24/3/2026، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا وێڕای سەركۆنەكردن و شەرمەزاركردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، راشیگەیاندووە، چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە: 

بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤/٣/٢٠٢٦ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی ٧ی پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە تیروریستیانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە  کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان.

بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت.

وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین. جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و  سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.

 

وەزارەتی پێشمەرگە

24/3/2026